ئەركەكانی دە شەوی كۆتایی
پێغەمبەرى خوا ﷺ هەوڵ و كۆششی لەڕادەبەدەر بووە لەم دە شەوەدا و پەرستشەكانی هەمەجۆر بووە وەك: نوێژ و سەدەقە و قوڕئانخوێندن وچاكسازی لەنێوان خەڵكدا و فەرمان بەچاكە و ڕێگریكردن لە خراپە و فریاكەوتنی لێقەوماو و ئاسانكاری بۆ ئەو كەسەی كە بارگران و باری سەختی لەپێشە و پاڕانەوە و داوای لێخۆشبوونكردن، جگە لەمانەش لە جۆرەكانی تری عیبادەت. لەگەڵ ئەوەشدا پێغەمبەر(ﷺ) ئەم دە شەوەی تایبەت دەكرد بە چەند عیبادەتێكەوە كە لە كاتەكانی تردا ئەنجامی نەدەدا، پێشەوا ئیبنی ڕەجەب لە كتێبی "لطائف المعارف" دا باسی كردوون، لەوانەش:
یەكەم: زیندووكردنەوەی شەو:
ئەگەری ئەوە هەیە كە مەبەست لێی زیندووكردنەوەی شەوە بەتەواوەتی و بێ ئەوەی بخەوێت، چونكە لە فەرموودەكەی دایكە عائیشەوە كە دەگێڕێتەوە دەڵێت: "كان النبىُّ يخلط العشرين بصلاة ونوم (1)، فإذا كان العشر شـمّر وشدّ المئزر" (رواه أحمد) واتە: پێغەمبەر(ﷺ) لە بیست شەوەی ڕەمەزاندا نوێژی دەكرد و دەخەوتیش (واتە: تێكەڵ بوو)، بەڵام كە دە شەوەكە دەهات، قۆڵی لێ هەڵ دەكرد و خۆی دەپێچایەوە.
و دەتوانرێ بووترێت مەبەست لێی زیندووكردنەوەی زۆربەی شەوەكەیە.
شێخ محمد بن صالح العثیمین رحمه الله دەڵێت: ڕووكەشی ئەم فەرموودە ئەوەیە كە پێغەمبەر(ﷺ) هەموو شەوەكەی زیندوو كردۆتەوە بە خواپەرستی لە زیكر و نوێژ و قوڕئانخوێندن و پارشێوكردن و جۆرەهای تر، بەم شێوەیە دەتوانرێت ئەم فەرموودەیە كۆبكرێتەوە لەگەڵ ئەو فەرموودەیەی كە لای پێشەوا موسلیمە و دایكە عائیشە دەفەرموێت: "ما أعلمه ﷺ قام لیلە حتی الصباح" واتە: نازانم كە پێغەمبەری خوا(ﷺ) تا بەیانی نوێژی كردبێت. چونكە زیندووكردنەوەی شەو هەمووی بە نوێژ و جۆرەكانی تری عیبادەت دەبێت، ئەوەشی كە نازانرێت و دوورە زیندووكرنەوەیەتی تەنها بە نوێژ.
دووەم: بەخەبەرهێنانی خێزان:
پێغەمبەری خوا(ﷺ) لەم دە شەوەدا خێزانەكەی بەخەبەر دەهێنا بۆ نوێژ.
سوفیانی سەوری دەڵێت: پێم خۆشە كاتێك كە دە شەوەكە دێت، بە شەوان زیاتر كۆشش بكەم لە عیبادەت و خواپەرستیدا و خێزان و منداڵەكانیشم بەخەبەر بێنم بۆ نوێژ گەر لە توانایاندا هەبێت.
وە هەروەها لە كتێبی "الموطأ" دا هاتووە، كە عومەری كوڕی خەتتاب(ڕەزای خوای لێ بێت) بەشەوان نوێژی دەكرد هەتا لە توانایدا هەبووایە، هەتا نیوەی شەو دەهات خێزانەكەی بەخەبەر دەهێنا بۆ نوێژ و پێی دەوتن: نوێژ نوێژ و ئەم ئایەتەی دەخوێندەوە [وَأْمُرْ أَهْلَكَ بِالصَّلَاةِ وَاصْطَبِرْ عَلَيْهَا ۖ] (تاها: 132) واتە: ئەی پێغەمبەر! ئەی ئیماندار! بە خاووخێزان و كەسوكارت فەرمان بە نوێژ بدە و خۆیشت لەسەر ئەنجامدانی ڕابهێنە و هەرگیز وازی لێ مەهێنە.
خێزانەكەی ئەبوو محمدی حبیب الفارسی بەشەو پێی دەوت: وا شەو ڕۆیشت و ڕێگەیەكی دوور و درێژیشمان لە پێشە و توێشووی ڕێگایشمان كەمە و بەگوێرەی پێویست نیە و كاروانی پیاوچاكانیش پێشكەوتن و ئێمە جێماوین.
سێیەم: دوورەپەرێزی لە ئافرەت:
ئەمەش كردەوەی پێغەمبەری خوایە(ﷺ) كە خۆی دەپێچایەوە و ئامادەباشی دەكرد بۆ خواپەرستی، كە ئەمەش ئاماژەیە بۆ دوورگرتن لە ئافرەت و جیماع نەكردن.
چوارەم: گەڕان بە دوای شەوی قەدردا و زیندووكردنەوەی بە عیبادەت:
لە سوننەتەوەیە كە بەدوای شەوی قەدردا بگەڕێیت و بە نوێژ و قوڕئانخوێندن و زیكر و دوعا زیندووی بكەیتەوە، لەبەر ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەری خوا(ﷺ) كە دەفەرموێت: "تحروا ليلة القدر في العشر الأواخر من رمضان" (متفق عليه) لە دە شەوى كۆتايی ڕەمەزاندا بەدواى شەوى قەدردا بگەڕێن.
و هەروەها دەفەرموێت: "من قام ليلة القدر إيماناً واحتساباً غفر له ما تقدم من ذنبه " (متفق عليه) واتە: ئەوەی شەوی قەدر زیندوو بكاتەوە، كە باوەڕی پێی هەبێت و بەئومێدی پاداشتەوە ئەوا خوا لە تاوانەكانی پێشووی خۆش دەبێت.
ئەمە جگە لەوەى کە خواپەرستی لەم شەوەدا باشترە لە هەزار مانگ.
دیاریكردنی شەوی قەدر
بۆچوون و وتەی زانایان جیاواز و هەمەجۆرە سەبارەت بە دیاریكردنی شەوی قەدر ئەوەش لەبەر جۆراوجۆری بەڵگەكان لەسەری و ڕای دروستیش ئەوەیە كە ئەم شەوە لە ڕەمەزاندایە و لە دە شەوەكەی كۆتایی و لە شەوە تاكەكان دایە، لەبەر ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەری خوا(ﷺ) كە دەفەرموێت: "تحروا ليلة القدر في الوتر من العشر الأواخر من رمضان" (رواه البخاري) واتە: بەدوای شەوی قەدردا بگەڕێن لە شەوە تاكەكانی دە شەوی كۆتایی ڕەمەزان.
پێشەوا ئیبنی حەجەر لە كتێبی "فتح الباری" دا دەڵێت: بۆچوونی پەسەند ئەوەیە كە لە شەوە تاكەكانی دە شەوی كۆتاییە و دەگوازێتەوە.
بۆچوونی تەواو ئەوەیە كە: هەر دە شەوەكە بەدوایدا بگەڕێین و زیندوویان بكەینەوە بە عیبادەت، بە مەبەستی گەیشتن بە فەزڵ و چاكەی ئەو شەوە و بۆ ئەوەی دەرچین لە ڕاجیاوازی ئەهلی عیلم.
خوای گەورەش دیاریكردنی ئەم شەوەی شاردۆتەوە لە بەندەكانی وەكوو سۆز و میهرەبانییەك بۆیان، بۆ ئەوەی هەوڵ و كۆششیان زۆر بێت لە گەڕان بەدوایدا و حەزی خواپەرستیان زیاد بكات، بۆئەوەی بگەن بە پاداشتی گەورە و نەبڕاوە، ئەوەش بە شەو هەستانیان لەم شەوانەدا، كە هەموو شەوێك وادەزانن خۆیەتی وهەموو شەوێكیش پاداشتیان بۆ دەنووسرێت، كردەوەكانیش بەپێی نیەت ومەبەستەكانە، بەم شێوەەیە ئەگەر دە شەوەكە زیندوو بكەنەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە شەوی قەدری بەر دەكەوێت.
پێجەم: مانەوە لە مزگەوت بۆ خواپەرستی(الإعتكاف):
شێخ محمد بن صالح العثیمین رحمه الله دەڵێت: ئیعتیكاف واتە: پەیوەست بوون بە مزگەوتەوە و خۆتەرخانكردن بۆ خواپەرستی، كە ئەوەش سوننەتێكی جێگیرە و بەڵگەی قوڕئان و فەرموودەی لەسەرە، وەكو ئایەتی: [وَلا تُباشِرُوهُنَّ وَأَنْتُمْ عَاكِفُونَ فِي الْمَسَاجِدِ] {بەقەڕە: 187} واتە: ئەوكاتەی كە لە مزگەوتدا دەمێننەوە بۆ خواپەرستی تێكەڵی ژنانتان مەكەن.
و پێغەمبەری خوا(ﷺ) ئیعتیكافی كردووە و هاوەڵانیش لەگەڵ ئەودا و دوای ئەویش ئەنجامیان داوە.
هەروەها لە فەرموودەی ڕاست و دروستیشدا هاتووە لە دایكە عائیشەوە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "كان النبىّ يعتكف العشر الأواخر من رمضان حتى توفاه الله عزوجل, ثم اعتكف أزواجه من بعده" واتە: پێغەمبەری خوا(ﷺ) ئیعتیكافی دەكرد لە دە شەوەكانی كۆتایی ڕەمەزان هەتا ئەوكاتەی وەفاتی كرد، پاشان خێزانەكانی ئیعتیكافیان دەكرد لەدوای ئەو.
مەبەست لە مانەوە لە مزگەوت بۆ خواپەرستی:
مەبەست لە ئیعتیكاف ئەوەیە موسوڵمان لە مزگەوتێك لە ماڵەكانی خوادا بمێنێتەوە بۆ خواپەرستی وگوێڕایەڵیكردنی خوای پەروەردگار، ئەوەش لەبەر دەستكەوتنی پاداشت و فەزڵ و گەیشتن بە شەوی قەدر، هەربۆیە پێویستە لەسەر ئەو كەسەی كە دەمێنێتەوە خەریك و سەرقاڵ بێـت بە نوێژ و زیكر و قوڕئانخوێندن و جۆرەكانی تری پەرستشەوە و دووربكەوێتەوە لە هەموو قسە و وتووێژێكی دونیایی بێسوود و هیچی تێدا نیە ئەگەر كەمێك قسەی حەڵاڵ لەگەڵ خێزانەكەیدا یان كەسانی تر بكات بەگوێرەی پێویست.
بەڵام حەرامە كە جیماع بكات لەگەڵ خێزانەكەیدا یان ماچ و دەسبازی و پێشەكیەكانی تر، لەبەر فەرموودەی: [وَلَا تُبَاشِرُوهُنَّ وَأَنتُمْ عَاكِفُونَ فِي الْمَسَاجِدِ] (بەقەڕە: ١٨٧) واتە: ئەو كاتەی كە لە مزگەوتدا دەمێننەوە بۆ خواپەرستی، تێكەڵی ژنانتان مەكەن.
حوكمی دەرچوونی ئەو كەسەی بۆ دەرەوەی مزگەوت:
بەڵام دەرچوونی ئەو كەسەی كە دەمێنێتەوە بۆخواپەرستی بۆ دەرەوەی مزگەوت ئەگەر بە بەشێك لە جەستەی بێت ئەوا دروستە، لەبەر فەرموودەكەی عائیشە كە دەڵێت: "كان النبـيُّ (ﷺ) يخرج رأسه من المسجد، وهو معتكف فأغسله وأنا حائض" (صحيح سنن أبي داود و صحيح سنن النسائي) واتە: پێغەمبەری خوا(ﷺ) سەری دەهێنایە دەرەوە لە مزگەوت منیش دەمشوشت و لە حەیزیشدا بووم.
بەڵام دەرچوونی لە مزگەوت بەهەموو جەستەیەوە ئەوا دەكرێتە سێ بەشەوە:
یەكەم: دەرچوون بۆ كارێكی پێویست لەڕووی سروشتی مرۆڤایەتییەوە بێت یان لە ڕووی شەرعییەوە بێت وەكو دەرچوون بۆ ئاودەست، یان دەست نوێژی واجب، یان غوسلی لەشگرانی، یان خواردن وخواردنەوە، ئەم حاڵەتانە دروستن بەمەرجێك ئەگەر نەتوانرا لە مزگەوت ئەنجام بدرێت، خۆ ئەگەر توانرا لە مزگەوت ئەنجام بدرێت، وەكوو هەندێك مزگەوت حەمامی تێدایە، یان كەسێك هەبوو كە خواردنی بۆ بهێنێت، ئەوا ئەوكاتە دەرناچێت لەبەر ئەوەی بێ پێویستە.
دووەم: دەرچوون بۆ كارێك كە واجب نەبێت لەسەری، وەكو سەردانی نەخۆش، شوێنكەوتنی جەنازە… ئەوا دەرناچێت و دروست نیە بۆی، مەگەر لەسەرەتای ئیعتیكافەكەیەوە بەمەرجی گرتبێت.
سێیەم: دەرچوون بۆ كارێك كە دژو پێچەوانەی ئیعتیكاف بێت، وەكو كڕین و فرۆشتن و جیماعكردن و تێكەڵاوی، ئەوا دروست نیە كە دەربچێت، لەبەر ئەوەی پێچەوانەی مەبەستی مانەوەیە لە مزگەوت بۆ خواپەرستی.
(1) قال شعيب الأرنؤوط : إسناده ضعيف. بەڵام بەشی دووەمی كە دەفەرموێت "فإذا كان العشر شـمّر وشدّ المئزر" صەحیحە و لە مسلم دایە و ئیمام أحمد ڕیوایەتی كردوە.
بۆچوونهکان